توركیا بۆ ململانێ لەگەڵ بەغدا وەك جاران پشتگیری هەرێمی كوردستان ناكات

کوردستان

24/04/2024‌ 572 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 
لێكۆڵەرێكی سیاسی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، توركیا هاوشێوەی جاران پشتگیری هەرێمی كوردستان ناكات بۆ ململانێكردن لەگەڵ عێراق، بەڵكو دەیەوێت باڵانس لەنێوان هەردوولادا ڕابگرێت، بەوپێیەی دەیەوێت عێراق و هەرێم بكاتە بەشێك لە بازاڕی وڵاتەكەی.

دكتۆر سەردار عەزیز، لێكۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "سەردانەكەی سەرۆكی توركیا بۆ هەولێر لای بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وەها لێكدەدرێتەوە، هەرێم هێشتا پشتگوێ نەخراوە و بەشێكە لە پرۆسەی نێوان هەردوو وڵات. ئەوەی لە توركەكان بیستم توركیا نایەوێت وەكجاران پشتگیری هەرێم بكات بۆ ململانێكردن لەگەڵ عێراق، بەڵكو توركیا دەیەوێت عێراق و هەرێم بكاتە بەشێك لە بازاڕ و ئابورییەكەی."

دەشڵێت، "عێراق یەكەم وڵاتی كڕیاری كاڵای توركییە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە توركیا لە دۆخێكی ئابووری سەختدایە و وەكو كڕیار و ڕێڕەویش پێویستی بە عێراقە و هەوڵدەدات باڵانس لەنێوان هەرێم و عێراق ڕابگرێت. هەرێم دەزانێت ڕێگەی گەشە و دروستكردنی بۆری لە كەركوكەوە بۆ توركیا دەبێتە دروستكردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵات و سەنگ و توانای كەمدەكاتەوە، بەڵام دەبێت مامەڵە لەگەڵ واقعدا بكات."

ڕۆژی دووشەممە، 22ی مانگی 4ی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندین ڕێككەوتنامە و لەیەكتێگەیشتنی لەبوارەكانی ئاسایش و ئابووری و گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆكرد.

دواتر سەرۆكی توركیا سەردانی شاری هەولێری كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆبووەوە.