کەرکوک لەنێوان تەڵەى نەیارەکان و قومارى کورددا

03/05/2024

بارام سوبحی


* ئەوەى کە ڕێگە نەدرێت کورد لە کەرکوک باڵادەست بێت، پەیمانێکە دراوە بە تورکیا، عەرەبستانى سعودى، ئەردەن، میسر، تەنانەت ناڕاستەوخۆ بە سوریا و ئێرانیش. 
* ئەمەریکا و بەریتانیا باش ئەوە دەزانن باڵادەستى کورد لە کەرکوک سەرئیشەى زۆریان لەگەڵ تورکیا و وڵاتانى عەرەبیدا بۆ دروستدەکات. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم هەڵوێستەى بەریتانیا و ئەمەریکا ڕووداوەکانى (16ى ئۆکتۆبەرى 2017) بوو، کاتێ ڕێگەیان بە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق دا بەبێ کۆسپ و تەگەرە ئەو ناوچانە داگیر بکەنەوە.
* لە تێکڕاى پڕۆژە تایبەتەکانى ئینگلیز سەبارەت بە دواڕۆژى کورد، هیچ ئاماژەیەکى ڕوون بە کەرکوک نییە... بەریتانیا داڕێژەرى سەرەکى سیاسەتى هاوپەیمانان بوو سەبارەت بە کەرکوک و ئەمەریکییەکان جێبەجێیان دەکرد... بەریتانیا لە ساڵى (2003)یش لەگەڵ ئەوە نەبوو کەرکوک بخرێتە ژێر دەسەڵاتى کوردەوە.
* هیچ حکومەتێک لە بەغدا ئامادەنییە شوێنەوارەکانى تەعریب بسڕێتەوە و ماف بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانى.
* بەرپرسانى کورد بەخۆشباوەڕییەکى بێ وێنەوە مامەڵەیان لەگەڵ چارەنووسى کەرکوک دەکرد. لە هەندێک خۆنمایشکردن و لێدوانى ڕۆژنامەوانى گەرموگوڕ بەولاوە هیچ کار و هەنگاوێکى جددى نەدەبیندرا. هەندێکیان شانازییان بەوەوە دەکرد کە قومارى باشیان بە کەرکوکەوە کردوە. ئەنجامى قوماریش زۆربەى کات بۆ کورد دۆڕاندن بووە. لە (16ى ئۆکتۆبەرى 2017)دا، قومارچییەکان یارییەکەیان دۆڕاند و کوردى کەرکوکیان دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، لاپەڕەیەکى ڕەشى نوێ لەژێردەستیى و پەراوێزخستن دەستى پێکردەوە.
* زۆربەى ئەو کار و کردەوانەى بەرپرسە کوردە حیزبییەکان لە کەرکوک کردیان هیچ بناغەیەکى قانونییان بۆ دانەنرابوو، بۆیە بە پارێزگارێکى بەوەکالەتى سەپێندراو زۆربەى ئەو هەنگاوانە هەڵوەشێندرانەوە.
* ناتوانین بەهیچ شێوەیەک لەبارەى داهاتووى نزیکى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانى دیکەوە گەشبین بین. ئێستا دەبینین رۆژ لەدواى ڕۆژ پێگەى کورد لاوازتر دەبێ، بەهۆى ململانێى حیزبییەوە ئەو دەرفەتە کەمانەشى ماون لەدەست دەدرێن.
* ناوى کەرکوک بەم شێوەیەى ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى تەیمورى لەنگ. بۆ یەکەمجار لە کتێبى شەرەفەدین عەلى یەزدى (ظفرنامە) کە لە دەوروبەرى ساڵى (1424 / 1425 ز) نووسراوە، بەم شێوەیەى ئێستا ناوى هاتووە.
* ئەو زانیارییانە و دەیان زانیارى و ئامار و دیکۆمێنت و بەڵگەنامەى دیکە لەبارەى مێژووى کەرکوک و ڕووداوە سیاسى و ئابورى و کلتورییەکانى دیکەى کەرکوکەوە، هەر لە سەردەمى عوسمانییەکانەوە تا ڕووداوەکانى (16ى ئۆکتۆبەرى 2017) لە کتێبى (کەرکووک: نەفرەتى نەوت و ستەمى دیمۆگرافیا)، لە نووسینى دکتۆر جەبار قادر بخوێننەوە کە لە (460) لاپەڕە و (19) بەش پێکهاتووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە