ئەمریکا دوای 40 ساڵ یەکەم کڵاوەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنا

جیهان

24/04/2024‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێنیفر گرانهۆڵم وەزیری وزەو جیل هروبی بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاسایشی ئەتۆمیی نیشتمانیی ئەمریکا لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا ئاشکرایانکرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دوای تێپەڕبونی 40 ساڵ، یەکەمین کڵاوەی ئەتۆمیی نوێ دروستدەکات.


گرانهۆڵم‌و هروبی ڕایانگەیاند:"پڕۆسەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگریی بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنی هێزی ژێردەریایی موشەکی بالیستیی ئەمریکا".

بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن ئێگزامینەر، کڵاوەی جەنگیی W93 بەبێ تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی دروستدەکرێت، هەروەک لەسەر موشەکی بالیستیکی ژێردەریایی بەکاردەهێنرێت، بەوپێیەی ئەمریکا لەئێستادا پابەندە بەقەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان.

پێشبینیدەکرێت تێچوی کڵاوە جەنگییەکە 19.8 ملیار دۆلار بێت‌و ئیدارەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەتۆمیی لەماڵپەڕەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە  W93 "ڕێگە بەئەمریکا دەدات هاوسەنگی لەبەرانبەر نەیارانی ئەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت.

هەنگاوی دروستکردنی کڵاوە جەنگییەکە لەسەر داوای ژەنەڕاڵ چارڵز ڕیچارد جێبەجێکراوە کاتێک لەساڵی 2020دا فەرماندەی فەرماندەیی ستراتیژی سوپای ئەمریکا بوو کە بنکەکەی لەئۆماهایە.

ڕیچارد نیگەرانییەکانی لەبارەی "پێشکەوتن"ەکانی چەکی ئەتۆمیی چینی وروژاند، ئەویش کاتێک ئەو وڵاتە دەستیکرد بەجێگیرکردنی موشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی فرە کڵاوە لەسێ کێڵگەی گەورەی موشەکی لەڕۆژئاوای وڵاتەکەی، بەرپرسانی سەربازیش مەزەندەیان کردوە کە کێڵگەکان تا 360 موشەک لەخۆبگرن.

کڵاوەی ئەتۆمیی نوێی W93 لەمانگی ئایاری 2022وە لەقۆناغی سەرەتایی دیزاینکردندایە لەتاقیگەی نیشتمانیی لۆس ئەلامۆس‌و نزیکە لەقۆناغی بەرهەمهێنان، چاودێرانیش دەڵێن نوێکردنەوەی هێزی ئەتۆمیی ئەمریکا لەکارە لەپێشینەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەدایە.

بەپەلە