یەکێتى سەردانى بەرەى تورکمانى دەکات و پەیامێکى پێدەگەیەنێت

کوردستان

24/04/2024‌ 1371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

شاندێکى یەکێتى سەردانى بەرەى تورکمانى کرد و رایانگەیاند، بەرەى تورکمانى هێزێکی کاریگەری سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عیراقە، لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەکانى دیکە لەهەموو وێستگەکان بەتەبایی و یەکڕیزییەوە توانیویانە دەستکەوت و مافی زیاتر بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.

بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى بەرەی تورکمانی عیراقی، شاندێکى یەکێتى سەردانى بارەگاى بەرەى تورکمانیان لە شارى هەولێر کرد و لە سەردانەکەدا پەیامى یەکێتیی گەیەنرایە بەرەى تورکمانى لە پەیامەکەیدا شاندەکەى یەکێتى رایگەیاند، بەرەی تورکمانی، ھاوبەش و هێزێکی کاریگەری سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عیراقە، لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەکانى دیکە لەهەموو وێستگەکان بەتەبایی و یەکڕیزییەوە توانیویانە دەستکەوت و مافی زیاتر بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.

ئەو شاندەى یەکێتى راشیانگەیاند، پێکهاتەى تورکمان لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکە خاڵى بەهێزى چەسپاندنى دیموکراسین لە پرۆسەى سیاسى عیراق و کوردستان.

لە پەیامەکەی یەکێتی دا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کورد و تورکمان لە سەردەمى حزبی بەعسی فاشیزمى رووخاو، گەورەترین قوربانی سیاسەتى پاکتاوکردن بوون و  نکوڵى لە بوون و مافیان کراوە، بۆیە جەخت دەکەینەوە، کە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی و گیانی تەبایی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکان لەهەموو کات پێویستترە و دەبێت هەموان بەو گیانەوە بەسەر ناکۆکی و سەختییەکاندا زاڵ بین.