ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ڕادەستکردنی داهات و بەبانکیکردنی مووچە بڕیاری دا

کوردستان

24/04/2024‌ 2142 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ناوەرۆکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا خرایەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ڕادەستکردنی داهات و بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بەجۆرێک کێشە و گرفت بۆ هاتنی مووچە دروستنەکات.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم
 ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو  بۆ موچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی وچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ موچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.
 وەزیری دارایی و ئابوری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەبواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستورو یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرج نەکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.
  ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. 
 سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی موچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی (تەوتین)ی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووەو نابێت، لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکە هاتووە بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری و برەودان بە چالاکی بانکی و شەفافیەت لە چالاکییە داراییەکان وسودمەندبوونی هاوڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاوڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودي پرۆسەکە،  ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی موچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من)  کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیان جێبەجێ کردووەو حکومەتی هەرێم تەنيا ڕۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە بانکە ڕێپێدراوەکان ئەنجامی دەدەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن. 
 سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لەدوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان. 
 لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا موچەی موچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگاو هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق. بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە ئاسانکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی ، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری) .