لە ساڵیادی شەهیدی زانکۆدا

24/04/2024

ئارام هەڵەدنی



شاری قەڵادزێ لە مێژوی دەسەڵاتدارانی بەعسدا سێ جار ڕووبەڕووی جینۆساید کراوەتەوە کە هەرچەندە تا ئێستا تاونکاریەکانی ڕژێمی بەعس کە بەسەرقەڵادزێی دا هێناوە وەکو جینۆساید نەناسێنراوە ، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۳ ئەم ڕۆژەی وەکو ڕۆژی شەهیدی زانکۆ ناساندووە.
نیو سەدە لەمەوبەر لەڕۆژی ۲٤ ی نیسانی ساڵی ۱۹۷٤ دا  درێژەی تاوانکاریی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دژ بەگەلی کورد  بەھۆی ترسی سەرانی بەعس لەئاوێتەبوونی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی قەڵادزێ بە چەک و قەڵەم بەرگری و کۆبوونەوەیان سەنگەری کوردایەتی ، شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بۆردمانکرا و لەئەنجامدا ۱٦۷ ھاووڵاتی مەدەنی و فەرمانبەر و خوێندکار و مامۆستای زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاوڵاتی تریش برینداربوون.
لە هەشتەمین ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێدا لە ساڵی 1982 خۆپیشاندانێکی فراوان رێكخرا لەلایەن خوێندكاران و هاوڵاتیانی شاری قەڵادزێوە ئەو رۆژە دایكە ئامینە و مامۆستا سنەوبەر بوونە سیمبولی راپەڕینەكە و گیانی خۆیان لە بەرگریی و بۆ رزگاریی نیشتمان بەخشی، لەپاڵ ئەم دوو شەهیدە، پێنج هاووڵاتی دیكە برینداربوون و 60 كەسی تریش لە خوێندكاران و توێژەكانی تر، راپێچی زیندان كران ، 
خۆپیشاندانەکە بەشێکی زۆری کوردستانی گرتەوە بە کەرکوکیشەوە.

ڕژێمی عێراق بەوەش نەوەستا لە درێژەی زنجیرە تاوانەکانی و دانانی پلانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستاندا ، لە دوای تاوانی ئەنفال جارێکیتر پەلاماری شاری قەڵادزێی دا لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ سێیەمین جار فۆکسی خستە سەر ئەم شارە و دانیشتوانەکەی ڕاگواستن بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی ( خەبات و دارەتوو و گەورکۆسک و بازیان) و ئۆردوگاکانی تر و بێ گوێدانە یاساکانی مافی مرۆڤ جارێکیتر  شاری قەڵادزێی وێرانکرد هەرچی مزگەت و خوێندنگا و شوێنی گشتی هەیە لەگەڵ ماڵی هاوڵاتیان ڕوخێنران و تەختی زەوی کران و ھیچ ئاسەوارێکی ئاوەدانیی و ژیانی تێدا نەھێشت 

قەڵادزێ ناوێکی درەوشاوەیە لە مێژووی کورددا شوێنگەی نیشتیمانپەروەری و ڕۆشنبیری و ئەدیبانە
گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی بۆ قەڵادزێ دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە شیاوترین شوێن بۆ ئەوەی مامۆستایان و خوێندکاران و زانستخوازانی زانکۆی سلێمانی ڕووی تێبکات قەڵادزێییە
کە بە میواندۆستی و کوردپەروەری بەناوبانگە.
لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە مافی کورد پێشێل کراوە هەر بۆیە بەردەوام جوڵانەوەی کوردی بەرامبەری سیستەمی تاکڕەوی بەغدا دەنگی ناڕازی بەرزکردووەتەوە و داوای مافەڕەواکانی کوردی کردووە ، خۆپیشاندانی شاری سلێمانی لە شەشی ئەیلولی ساڵی ۱۹۳۰ و چەندین ناڕازیتر پەیامی ڕەتکردنەوەی سیستەمی حکومڕانی عێراقی بە گوێی دەسەڵاتداراندا دا.
لە سەرەتای شەستەکان شۆڕشی چەکداری کە ماوەی چواردە ساڵ درێژەی کێشا  و  سەراپای کوردستانی گرتەوە دژی هەموو زوڵم و زۆرداریەکی حکومەتی عێراق.
لە کاتێکدا شۆڕشی کوردستان لە گەشەدا بوو لە ڕووی چۆنێتی و چەندایەتییەوە بووبووە مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی بەغدا ، شاری سلێمانی بەناوەندی سەرەکی جوڵانەوەکە دادەنرا هەربۆیە فۆکس خرایە سەر خوێندکارانی زانکۆ ئەوەش وایکرد کە خوێندکاران ڕووبەکەنە ناوچە ئازاد کراوەکان و هۆڵەکانی خوێندن بەرەو چۆل بوون بڕوات ، سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان پێی باش بوو زانکۆ درێژە بەخوێندن بدات بۆ ئەو مەبەستە بردیانە شاری قەڵادزێ کە ناوچەیەکی دوورە دەستە زیاتر لە سەد کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە.
ڕژێم بەوەش نەوەستا
نیو سەدە لەمەوبەر شاری  قەڵادزێی شۆڕشگێڕ و کوردپەرەوری خەڵتانی خوێن کرد. 
دیارە دوای نیو سەدە لە بۆردومانی قەڵادزێ چیرۆکە نەبیستراوەکان لەسەر ڕۆژی بۆردومانەکە و شەهید و برینداری هاوڵاتیان و خوێندکارانی زانکۆ و تێکۆشەران دەبیستین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی