شارپرێس:
ئیسرائیل هەڕەشەی "داگیرکردنی ڕوبەرێكى فراوان"ی لەباشوری لوبنان کرد، ئەگەربێتو حزبوڵڵای لوبنانی لەناوچەکە نەکشێتەوە.
بەگوێرهى ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەستیفان سیگۆرنتی هاوتا فەرەنسییەکەی ڕاگەیاندوە، ئەگەر حزبوڵڵا نەکشێتەوە، ئیسرائیل "نزیک دەبێت لەڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری" لەگەڵیدا.
کاتز لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی، "ئیسرائیل لەسەرتاسەری لوبنان شەڕی حزبوڵڵا دەکات، هەروەک ناوچەیەکی فراوان لەباشوری لوبنان داگیردەکاتو ئەو ناوچانەش وەک ناوچەیەکی ئەمنیی لەژێر کۆنترۆڵی سوپادا دەمێننەوە".
سێشەممە ى ڕابردوو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە ئیسرائیلو لەوێ چاوی بەهاوتا ئیسرائیلییەکەی کەوت، سەردانێکی 24 کاتژمێری لەقودسو تەلئەبیب لەچوارچێوەی گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لوبنانو سعودیە لەخۆگرتبوو.
سیگۆرنتی ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرپرسانی فەرەنسا ئەو پێشنیارانەیان لەگەڵ ئیسرائیل هاوبەشکردوە کە پێشکەشی دەسەڵاتدارانی لوبنان کران، بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیلو حزبوڵڵا، باسی لەوەشکردوە، پاریس هەوڵیداوە ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان هەردولادا بگێڕێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی یەکشەممە سەردانی لوبنانی کردو لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان کۆبوەوە، لەنێویاندا سیاسەتمەدارانی نزیک لەحزبوڵڵا، بەرپرسانی فەرەنساش دەڵێن پێشکەوتنیان لەوەڵامەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان دەستکەوتوە.
حزبوڵڵا ڕاشیگەیاندوە، پێش ئاگربەست لەغەززە ناچێتە ناو هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەوە، کە نزیکەی حهوت مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە.
ئەمساڵ سیگۆرنی پێشنیازێکی نوسراوی پێشکەش بەهەردولا کردوە کە بریتیبوو لەکشانەوەی هێزی دەستەبژێری حزبوڵڵا بۆ مەودای 10 کیلۆمەتر لەسنورەکانی ئیسرائیلەوە، هەروەک ئیسرائیلیش هێرشەکانی لەباشوری لوبنان ڕابگرێت.