هەناردەی عێراق بۆ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە

عیراق

01/05/2024‌ 793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرزاد بێلتن نوێنەری تایبەتیی بازرگانیی ئێران لەعێراق ڕایگەیاند، ئێران لەماوەی ساڵی 2023 بەبەهای 580 ملیۆن دۆلار لەعێراقەوە کاڵاو شمەکی هاوردە کردوە، ده‌شڵێت:"هاوردەی ئێران لەعێراقەوە لەساڵی ڕابردوو بەبەراورد بەساڵی 2022 بەڕێژەی 184% زیادیکردوە؛ ئەمەش مانای وایە سێ ئەوەندە زیادیکردوە".


فەرزاد بێلتن بەئاژانسی مێهری ئێرانی وتوه‌، "ئەو کەرەستە سەرەکیانەی لەعێراقەوە هاوردە دەکرێن بریتین لەبەردی گرانبەها، کانزا بەنرخەکان، بەرهەمی پۆلیمر، کەرەستەی ناوماڵ، پیشەسازی کارەبایی‌و ئەلیکترۆنی".

ئامارەکانی ژوری بازرگانیی ئێران دەریدەخەن لەدوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی دوو ملیار دۆلار کەمیکردوە، بەڵام لەساڵی 2018وە هاوردەکردنی ئێران لەعێراقەوە زیاتر لە 10 هێندە زیادیکردوە.

چاودێران پێیانوایە، ئەو بازدانە گەورەیەی هاوردەی ئێران لەعێراقەوە بۆ جیاوازییە گەورەکەی هاوسەنگیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە، ئەوە جگە لەخواستی بازرگانانی ئێرانی بۆ کڕینی کاڵای عێراقی بەهۆی کێشەی گۆڕینی دراو کە لەئەنجامی سزاکانەوە دروستبوە.

ساڵی ڕابردوو ئێران بەبەهای زیاتر لەحه‌وت ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق کردوە، هەروەک هەناردەی غازیش بەبەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار بوە.

پارەی هەناردەکردنی کارەباو غازی ئێران بۆ عێراق لەهەژماری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران لەبانکی بازرگانیی عێراق بەدینار دادەنرێت.

ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن، تاران‌و بەغدا لەئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیاندا بەکەڵکوەرگرتن لەدراوە ناوخۆییەکانی ئەو دوو وڵاتە کاردەکەن، ئەمەش بەئامانجی دەربازبون لەسزاکان، بەشێک لەئەندامانی ژوری بازرگانی عێراق لەو چوارچێوەیەدا ڕایانگەیاندوە، بەغدا لەبەرامبەر قەرزەکانیدا نەوتی خاو بۆ ئێران دابیندەکات.

بەپەلە