شارپرێس:
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵو یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی حکومەتی تورکیا لێدوانیداو ڕایگەیاند، "بزوتنەوەی حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە".
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە خولێکی نوێی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵى بەدەستهێناوە لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند، ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕەتدەکەنەوە کە نزیکەی ههشت مانگە ئیسرائیل لەغەززە ئەنجامیدەدات.
لەهەمانکاتدا، ئیمامئۆغڵو هێرشی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بە“هێرشێکی تیرۆریستی” وەسفکردو وتی:"بێگومان حەماس هێرشێکی لەئیسرائیل ئەنجامدا کە ئێمە زۆر بەداخەوەین بۆئەوکارە، لەڕوانگەی ئێمەشەوە هەر پێکهاتەیەک کە ئەمکارە تیرۆریستیانە ئەنجامبداتو خەڵک بەکۆمەڵ بکوژێت ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێداگریی دەکات لەسەر وەسفکردنی حەماس وەک بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی نیشتمانییو ڕەتیدەکاتەوە وەک بزوتنەوەیەکی تیرۆریستی پۆلێنی بکات.
ئیمامئۆغڵو جهختیكردهوه، "ئەمڕۆ بەداخەوە هەمان کار لەدژی گەلی بێتاوانی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدەدرێت من بەشێکم لەهەردوو پرسەکە، داواشدەکەم بەزوترینکات بابەتەکە لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت، هەروەک ڕێگریی بکرێت لەوەی فەڵەستینییەکان توشی ئەو جۆرە ستەمو چەوساندنەوەیە بکرێن".