ئاسایشی سلێمانی: "تیرۆریستێکی هەڵهاتوو" مان دەستگیر کرد

کوردستان

01/01/2023‌ 814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت "تیرۆریستێکی داواکراو، هەڵهاتوو لەدادگا دوای دووجار هەڵهاتنی لەدەست هێزە عیراقیەکانمان دەستگیر کردووە" .

لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای دیالە بە تۆمەتی تیرۆر و رفاندنی هاووڵاتییەکی مەسیحی بە ناوی (رەمسیس بطرس ) دانیشتووی بەغدا، تیرۆریست(عومەر وحید خەزرەجی ) لەلایەن هێزە عیراقییەکان دەستگیردەکرێت و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دووجار هەڵدێت و دواجار خۆی دەگەیەنێتە سنووری سلێمانی".

ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "پاش گەیشتنی زانیاری بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە کرا و زانیاری دروست لەسەر داواکراو دەستکەوت".

"دوای رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، لەئۆپراسیۆنێکدا شەوی ٣٠ ی ١٢ ی ٢٠٢٢ بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، تیرۆریستی هەڵهاتوو لە یاسا پاش گەمارۆدانی و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانمان و هەوڵدان بۆ هەڵهاتن، توانرا دەستگیر بکرێت و رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە"وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە.

بەپەلە