شارپرێس ـ تایبه‌ت:
ڕەیچڵ جێفکۆت وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش له‌دیدارێكى تایبه‌تى شارپرێسدا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت زانیاریی‌و هه‌ڵوێستى خۆیان ئاشكراده‌كات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "داعش خه‌ریكه ده‌بێته‌وه مه‌ترسى بۆسه‌ر عێراق‌و سوریا"، ده‌شڵێت:"هه‌موو ئاماده‌كاریی‌و هاوكارییه‌كمان ئاماده‌كردوه بۆ هاوبه‌شه‌كانمان له‌و دوو وڵاته"، داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ش ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات‌و له‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره به‌ئاگایان دێنێته‌وه.
كه‌نداڵ جودى په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان دیدارێكى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ ڕەیچڵ جێفکۆت وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئه‌نجامداوه، له‌و دیداره‌دا جێفکۆت ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هاوڵاتیه‌كانى خۆیان لەکەمپی هۆڵ ببه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و كه‌مپه مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه بۆ دوباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش‌و زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ى بیرى داعشى له‌سوریاو جیهاندا".
ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەسەدە تاکە هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیە كه دەتوانێت‌و ئاماده‌یه لەدژی داعش شەڕبکات".
له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شارپرێس، ڕەیچڵ جێفکۆت ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "هاوبەشەکانمان لەعێراق‌و سوریا (پێشمه‌گه‌و شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده) پابەندییەکی گەورەیان پیشانداوە لەبەزاندنی داعش‌و ئۆپەراسیۆنی خۆیان زیادکردوە، بەڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت، داعش هەموو هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی جموجوڵەکانی بەردەوامبن‌و كرده‌وه‌كانى ئه‌نجامبدات".
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش جه‌ختده‌كاته‌وه، "هێرش‌و په‌لاماره‌كانى توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان، مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌رێمه‌كه دروستكردوه‌و هۆكاریشه بۆ سه‌رله‌نوێ زیندبونه‌وه‌ى داعش له‌ناوچه‌كه‌دا".
كه‌مێكى دیكه ده‌قى دیداره‌كه‌ى ڕەیچڵ جێفکۆت وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌به‌شى ڕاپۆرت‌و چاوپێكه‌وتنى ماڵپه‌ڕى شارپرێس بڵاوده‌كرێته‌وه، كه چه‌ند پرسێكى گرنگ‌و هه‌ستیار له‌دیداره‌كه‌دا باسیان لێوه‌كراوه‌و وه‌ڵامى پێویستیان بۆ وه‌رگیراوه‌ته‌وه.
ش.هـ